دەربارەی کتێبەچیرۆکی"ئاماده: چرک!"ی "بەختیار حەمەسوور"

"سوهەیب فاروق"
ئەستەمە لە دەرەوەی زمان بتوانین باس لە هەبوویەکی وەک ئەدەب بکەین، بە هەموو ژانرەکانییەوە، هەرچەندە گرێی"زمانی شیعری" زیاتر دەبینرێت کە چووەتە ناو لێکۆڵینەوە و ڕەخنەکانەوە، وەک لە زمانی ڕۆمان یان چیرۆک، وەلێ زمانی چیرۆکیش سەبارەت بەو ئەرکەی لە ئەستۆی ئەکەوێت هیچی لە زمانی شیعر کەمتر نییە.
- زمانی زمان، زمان لەناو زماندا:
بەو مانایە بەکاری دەهێنم، کە زمان خۆی خۆی دەڵێت، خۆبوون یان سەربەخۆبوونی زمان، ئەوەی کە تێیدا "دانەر" کەمترین تەکلیفێک دەکات و هەموو ئەوەی هەیه خۆی دێت، لێرە "دانەر" بە لانی کەمەوە، مامانێکی ساکارە، بڕێک دنە دەدات و ئەوی دی زمانەکە خۆیەتی، جۆرێک لە دیموکراسیەت لە دەقدا هەیە، دانەر دەیپارێزێت، وشەگەل خۆیان دراوسێ و جێگرەوە دادەنێن(تەکنشین و جێنشین) ئەوەی لەم پرۆسە زمانییە دەکەوێتەوە، چێژە بە مانا ئەدەبییەکەی.
بەختیار لەم پرۆسەیەدا(زمانی زمان) بە هۆشیارییەکی زۆر درووست و وردەوە ئەم مامەڵەیه دەکات، زمان لێرە لای بەختیار سیستمێکی چڕە وەلێ ئاڵۆز نا، کورتە وەلێ دەستی پێوە نەگیراوە(ئیقتسادی تیا نەکراوە) لە پرسی ئیقتسادیدا، شاعیر وشەی زۆری پێویستە وەلێ لەبەر هەژاری کەمترین وشە بەکار دەهێنێت، بەختیار بە پێچەوانەوە، نە دەستبڵاوە، نە ڕەزیلی لە وشەدا دەکات، هێڵێک هەیه لەو نێوەندەدا، تا چیرۆکەکان نەخوێنیتەوە تێی ناگەیت، ڕێک ئەو دۆخەیە کە من ناوم ناوە "خۆوتنی زمان" دانەر "مامان" دنەدەرێکە و هیچی تر، لێرەو لەم کۆچیرۆکە کورتەدا، نە هیچ وشەیەک زیادەیە و نە هیچ وشەیەک کەم، هەر وشەیەک ئەرکگەلی خۆی تەواو دەکات، لێرەوە ڕێک بەر ئەو پێناسە کوردییەی ڕەوانبێژی "بەلاغە" دەکەوین کە دەڵێت: "کورتبڕی بێ کەموکورتی و درێژبڕی، بێ زیادەیه" چێرۆکگەلەکە نەخشەیەکن ئەندازیارانە زمان تیایاندا هاتووەتە بوون.
- هۆشیاریی بەکاربردنی زمان:
بۆ دەربازبوون لە ڕەوتی باوی چیرۆک زۆرجار  چیرۆکنووسان بەر هەڵەگەلی وەک درێژدادڕی هەم کورتبڕی دەکەوتنەوە بە بیانووی تەکنیکی نوێوە، بۆ وێنە نووسەری ئەدەبی گێڕانەوە هەیه، بەشێک لە گوتنە ئەدەبییەکەی لە چیرۆکێک یان ڕۆمانێکدا جێ هێشتووە، بە بیانووی بەشداریپێکردنی ڕۆڵی خوێنەر، بێئاگا لەوەی خوێنەر له قووڵایی و ماتەوزەی زماندا بەشداری ئەکات، نەک لە دیوە ئاسۆییەکەی زماندا، بەختیار هۆشیارانە، لەم کۆچیرۆکەدا ڕێی بەو هەڵە باوانەش نەداوە، یان زۆرکات بە بیانووی هێنانەئارای تەکنیکگەلی وەک "شەپۆلی هۆش" ناهۆشیارانە ئەدەبیاتی گێڕانەوەمان پڕە لە مەسرەفکردنی ناهەقی زمان، یان دەستپێوەگرتنی ناهەقی زمان، وەلێ ئەوەی کە پێچەوانە بووەتەوە، کاریگەری کردووەتە سەر جوانیی تێکستەکە و گوتنە ئەدەبییەکەی ئیفلیج کردووە، وەلێ لای بەختیار نەک هەر گوتنەکە ئیفلیج نییه بەڵکوو مناڵێکە مامانی کردووە و ڕێک لە سەروەختی خۆیدا هاتووەتە بوون، بەو شکڵەی کە زەرووره بێتە بوون،بەو شکڵەکەش کە گوتنە ئەدەبییەکە(تێکستەکە)دەیخوازێت، ئاخر زۆر جاریش نووسەر هێنده هێز لە خۆی دەکات، ئەوەی لێی دێتە دەرەوە پێش وادەیه، نەبەکامه.
- هۆشیاریی وردەکارانەی زمانی چیرۆکەکان:
بۆ پراکتیزەکردنی هەموو ئەوەی لە بارەی هۆشیاریی زمانیی دانەر "چیرۆکنووس"ەوە، گوتوومە، بۆ ئەوەی بەر لەخۆوەگوتن نەکەوم، بڕێک لە دۆخە هۆشیارییه دەخەمە ڕوو، یان با پرسەکە ئەوە بێت بەختیار زمان لەناو زماندا چۆن دەڵێت؟
یەکەم/
بڕێکی زۆر لە هێزی زمان لە ئاستە کۆمەڵایەتی و ئەدەبییەکەشدا لەوەدایه، کە بە کەمترین کەرەستە و هێز، زۆرترین گوتن دەرببڕیت، یەکێک لەو تەکنیکگەلە کە لەم پرسەدا بەکار دەهێنرێت چ لە ئاستە کۆمەڵایەتییەکەی زمان و چ لە ئاستە ئەدەبییەکەدا "پەندی پێشینان"ە، لە ئاستە ئەدەبییەکەدا، لە شیعردا پێشتر وەک تەکنیکی "تیلنیشان" لە کۆندا جێی پەندی پێشیان یان ئیدیۆمەکان دەکرایەوە، کە چێژی ئەدەبی دەبەخشی و هەم جۆرێک لە کورتبڕیی شاعیرانەی چێ دەکرد، ئێستاش لە تەکنیکێکی  وەک "پاروودی"دا لە شیعردا، دەکرێت شوێنی پەندی پێشینان بکرێتەوە، بە تەکنیکی نوێباو، ئەوەی مایەی وتنە بۆ چڕبوونەوە و خۆگوتنی زمان و ئەو تایپە لە گوتن کە نە درێژبڕییە و نە کەموکورتی بەختیار سوود لە پەندی پێشینان  و ئیدیۆم و فرێزی شێوەئیدیۆم وەردەگرێت لە چیرۆکدا بۆ وێنە:
٭  سەری بچووایه نوێژی نەئەچوو.[ل89]
٭ ئەو دەوروبەره، دەشتاییەک بوو کاکی بەکاکی.[ل91]
٭ گژوگیا تا ئەژنۆی دەگرت.[ل78]
٭ قۆڵێکیم کرد بە خرخاڵ.[ل78]
٭ هاتە بنکڵیشەی.[ل77]
٭ تا  سەقف قەڵاچن کرابوو.[ل59]
ئەمانە مشتێکن لە خەرمانی ئەو وشە و ئیدیۆمگەلەی کە چێژی خوێندنەوەی بەردەنگ زیاد دەکەن و هەم لە ناو دۆخێکدا دەیهێڵنەوە، کە دۆخی زمانی کوردی و یادەوەریی کوردییە، هەم ئەو هێزی زمانەیه کە زمانە لەناو زماندا. 
دووەم/
بەختیار بە وردی کار لەسەر داتاشین و درووستکردنی هەندێک وشە دەکات، کە یان نەمانبیستوون و خۆی درووستی کردوون یان زۆر بە کەمی بیستوومانن، لێرەوە هێزی زمانی چیرۆکنووسمان بۆ دەردەکەوێت، هەموو ئەو نهێنییانەشمان بۆ دەردەکەون، کە لەپشت "زمانی زمان" لە چیرۆکەکەدا هەن، بۆ نموونە وشەگەلی وەک:
٭ ماڵنشین: بە واتای خانەنشین، لە فەرهەنگی مێشکی ئێمەدا، بەر وشەی خانەنشین دەکەوین.[کوردیم دەوتەوە، شەش ساڵە ماڵنشینم]ل87.
٭ پرسۆک: لەگەڵ وشەی گەڕۆک لە پاڵ یەک دایاندەنێت، بە واتای پرسیارکەر، کە فەرهەنگی مێشکی ئێمە زیاتر، پرسیارکەری تێدایه و بەکاری دەهێنین.[پرسۆک بووم و گەڕۆک]ل20.
٭ درۆهۆن: بە واتای، درۆزن یان درۆزان، هۆن ڕەگی چاوگی"هۆنینەوە"یە، درۆهۆن سیفەتە بۆ ئەو کەسەی درۆ دەهۆنێتەوە، فەرهەنگی مێشکی ئێمه، زیاتر درۆزن و درۆزانی تێدایه.[سدیقە درۆهۆن هات بۆ گۆشتفرۆشییەکە]ل85.
٭ زۆرنوێژ: بە واتای هەمیشە لەسەر بەرماڵ،  زۆرنوێژکەر یان موسڵمان، یان سەری بچێ نوێژی ناچێت، کە بەکاری هێناوە، ئیدیۆمی" زۆربڵێ" لە فەرهەنگی مێشکماندا هەیە، وەلێ زۆرنوێژ نوێیه.[ژنێکی نوورانیی زۆرنوێژ]ل 86.
٭ باخچۆکە: وشەی "باخ" کە  پاشگری "چە" دەچێتە سەری بچووکی دەکاتەوە، دەیکاتە باخی بچووک، فەرهەنگی مێشکی ئێمە زۆرتر باخچەی تێدایه وەلێ بۆ زیاتر بچووککردنەوە بەر وشەی "باخچۆکە" دەکەوین.[دایکم لە حەوشەکەدا باخچۆکەیەکی درووست کردبوو]ل87.
سێیەم/
هێزی زمان له وەسفکردنی ڕووداو و دیاردە و شت و کەسەکاندا، زمان لای بەختیار زمانێکی وەسفیی تایبەتە، کە نە ڕێ بە کەموکورتی و نە ڕێگە بە درێژبڕی دەدات، ئەو وەسفەی کە لەبارەی شتێکەوە دەیکات، کتومت دێتە بەرچاوت، ئیدی لێی تێر دەبیت، نە لێت زیادەیە و نە کەمی هەیە، بۆ ئەم وەسفانە بەختیار شارۆی وردی نێو فەرهەنگەزمانییەکەی مێشکی دەکات، نزیکترین و پڕپێکاوترین وەسف دادەنێت، ئەمەشە وا دەکات بەر وێنەگەلی جیاواز بکەوین کە نزیکمان دەکاتەوە لەوەی بڵێین، وێنەیەکی فۆتۆگرافییه، چرکێنراوە، ئامادەکراوە بۆ بینین، وێنەیەکی پڕ و بێ بۆشاییە، گەر لە یەکێک لە چیرۆکەکاندا، وەڵامی ناونانی کۆچیرۆکەکە بە  " ئامادە: چرک!"م دەست نەکەوتایە، دوور نەبوو بڵێم، ناونیشانی کتێبەکە، لەو وەسفە وردە دەقیقانەوە هاتووە، کە وەک وێنە دیمەنی واقیع دەگوازنەوە هەندێک لەو وەسفانە بۆ وێنە:
٭ ئەوەی لەسەر ئەو سندووقە هەشتەرخانە، بە کراسی کوردی و پشتێنی گوڵ میرزا عەلی و سەرپۆشی سپییەوە دانیشتووە، دایکمە، ئەوەی لە باوەشیدایە منم، ئەو قاتلەبەره پڕقۆپچەیەش باوکمە، ئەوەش هەنارەکەیە لاواز و زیز.[ل88] 
٭ باپیرم تەنیا وێنەیەکی هەبوو، کاڵبووەوە، درزتێبوو، جامانەبەسەر، نیگاشەرمن، دوو چاوی سەوز و کاڵ.[ل89]
٭ لە باسی خانوویەکی کۆن و ڕووخاودا دەڵێت: "چەند داری دارەڕا لە ناوەڕاستدا شکا بوون، قامیش، حەسیر، کا و گەڵا تێکپژابوون، پارچەیەک نایلۆن شینی ڕەنگچووەوە، لەوسەری حەوشەکە چمکێکی دەلەرییەوە دەنگێکی لێوە دەهات وەک لوورە"[12]
یان" کۆنەمێزێکی لاربووەوە، لەمسەری حەوشە بە تاقە پێچکەیەکەوە، فایبەرەکەی بەرەو ناوەوە داچووبوو، لەتەجاجمێکی خووساو، بەرمیلێکی  ڕزیو،  پارچەچینکۆیەک،  ئاریەلێکی شەقوشڕ، ئاسنەواڵ و تەنەکەی ژەنگن...... تاد [ل12].
لە پایانی نووسینەکەدا، بە پشتبەستن بەو نموونە گەله ڕێ بە خۆم دەدەم بڵێم زمان لای "بەختیارحەمەسوور"و لەم کۆچیرۆکەدا، گێژراوە و بێژراوە، ئینجا وێژراو"وتراو"ە.

بابەتی زیاتر

سەرجەم مافەکانی پارێزراوە KNA . Copyright 2020 - Knanews.net ©