گەشتە ئاسمانیەکانی نێوان قەتەڕ و سعودیە دووبارە دەستیان پێکردەوە، ئەمەش دوای ئەوەی فڕۆکەیەکی قەتەڕ لە دەوحەی پایتەختی وڵاتەکەوە لە یەکەمین گەشتیدا دوای ئاسایی بوونەوەی پەیوەندییەکانی نێوانیان بەرەو ڕیاز بەڕێکەوت.


لە مانگی شەشی ساڵی 2017 دا هەریەک لە سعودیە و ئیماڕات و بەحرەین و میسڕ پەیوەندییەکانیان لەگەڵ قەتەڕدا بڕی و بە تۆمەتی پشتیوانیکردن لە تیرۆر تۆمەتبارییان کرد، هاوکاتیش ئاسمانی وڵاتەکانیان بەڕووی فڕۆکە قەتەڕییەکاندا داخست و مامەڵە بازرگانییەکانیان لەگەڵیدا قەدەغەکرد و ڕێگەشیان نەدا هاوڵاتیانی قەتەڕ بێنە وڵاتەکانیانەوە.


بەڵام هەفتەی ڕابردوو لە میانەی کۆبوونەوەی لوتکەی ئەنجومەنی هاریکاری کەنداودا چوار وڵاتەکە ڕێکەوتن لەسەر لابردنی ئەو کۆتوبەندانەی سەپاندبوویان بەسەر قەتەڕدا.


بۆ یەکەمین جار دوای سێ ساڵ و نیو، فڕۆکەیەکی سەر بە هێڵی ئاسمانی قەتەڕ لە دەوحەی پایتەختی قەتەڕەوە بەرەو ڕیاز بەڕێکەوت.


هەریەک لە ئیماڕات و بەحرەینیش ڕایانگەیاند ئاسمانی وڵاتەکانیان بەڕووی فڕۆکە قەتەڕییەکاندا دەکەنەوە، بەڵام کاتی دەستپێکردنەوەی گەشتە ڕاستەوخۆکان دیارینەکراوە.
سەرچاوە/ فرانس پرێس

بابەتی زیاتر

سەرجەم مافەکانی پارێزراوە KNA . Copyright 2020 - Knanews.net ©