ئەندامێکی لیژنەی دارایى و كاروبارى ئابوورى لە پەرلەمانی کوردستان ڕایده‌گه‌یه‌نێت، بەشێک لە بڕیارەکانی حکومەت بۆ رێکخستنەوەی باج لە هەرێمی کوردستان "باشن".
 
عەلی حەمەساڵح، ئەندامی لیژنەی دارایى و كاروبارى ئابوورى لە پەرلەمانی کوردستان  ڕاگه‌یاند، "یەکێک لەو دۆسیانەی کە زۆرترین نا دادپەروەریی تێدایە، دۆسیەی باجە لە کوردستاندا".
 
بە وتەی عەلی حەمەساڵح داهاتی باج لە مانگی 12، 85 ملیار دینار بووە، لە کاتێکدا دەتوانین ئەو باجە بکەین بە 180 ملیار دینار، "ئەمەشمان بە راپۆرتێکی ورد داوەتە حکومەت".
 
عەلی حەمەساڵح، ئاماژە بەوە دەدات لە کوردستان کۆمپانیا گەورەکان ئەوانەی زۆرترین قازانجیان هەیە، "یان باجیان نەداوە یان کەمترین باجیان داوە، کۆمپانیا هەیە قازانجی ساڵانەی بە نەوت و بۆری نەوت و کێڵگەی نەوت و کاریگەی چیمەنتۆ نزیکەی 750 ملیۆن دۆلار بووە، بەڵام کەمترین باجی داوە، کۆمپانیا هەیە لە عەقارات نزیکەی 15 هەزار دەفتەر دۆلاری قازانج کردووە، بەڵام لە سایەی وەبەرهێناندا باجی نەداوە".
 
ئەندامەکەی لیژنەی دارایى و كاروبارى ئابوورى لە پەرلەمانی کوردستان ئاماژە بەوەش دەدات، لە کوردستاندا " 393 گەورە باجدەر هەن، بەڵام 111یان باجیان داوە، کە دەکاتە 28٪. لە کاتێکدا لە دونیادا گەورە باجدەران سەرچاوەیەکی سەرەکی بەڕێوەبردنی وڵاتن، ئەڵمانیا و کۆریای باشوور وەکو نمووونە".

بە بڕوای عەلی حەمەساڵح ئەگەر تەنیا باجی هۆکارەکانی گواستنەوە و پەیوەندیکردن ئینەتەرنێت رێکبخرێتەوە، "نزیکەی 20 ملیار دینار دەکات".

بابەتی زیاتر

سەرجەم مافەکانی پارێزراوە KNA . Copyright 2020 - Knanews.net ©