گەورە راوێژكاری سەربازی رابەری شۆرشی ئیسلامی ئێران رایگەیاند، قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودس، كە ساڵی رابردوو لەنزیك فڕۆكەخانەی بەغدا كوژرا، 82 لیوای لە عێراق و سووریا دروستكردووە.

لە کاتی بەشداریكردنی لە كۆنگرەی "هەنگاوی دووەمی شۆڕش و رێبازی سولەیمانی" رەحیم سەفەوی، گەورە راوێژكاری سەربازی عەلی خامنەیی، شۆرشی ئیسلامیی ئێران ئێران رایگەیاند: "قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودس 60 لیوای لە سووریا دروستكرد كە 70 هەزار چەكداری سووری و چەند وڵاتێكی دیكە لەخۆدەگرن".

دوای سەرهەڵدانی شەڕی ناوخۆ لە سووریا لە ئاداری 2011دا رژێمی سووریا لە لێواری کەوتن بوو، بەڵام ئێران فریای کەوت و نەیهێشت بکەوێت، چەندین میلیشیای لە چەکدارانی شیعە دروستکرد، لەوانە میلیشیای فاتمییون كە چەكدارانی شیعەی ئەفغانی لەخۆدەگرێت، میلیشیایەكی پاكستانی بە ناوی زەینەبییون، هەروەها لیوای حەیدەرییون كە میلیشیاكانی عێراق لەخۆدەگرێت.

سەفەوی ئەو هەنگاوەی وڵاتەكەی لەبارەی دروستكردنی دەیان میلیشیای چەكدار لە ناوچەكە بە 'گۆڕینی هەڕەشەكە لەژێر رۆشنایی ستراتیژی قوتابخانەی سولەیمانی' ناوبرد و گوتی: "بوونی ئەو میلیشیایانە لەپاڵ سوپا لە عێراق و سووریا كارێكی گرنگ و سەختە، بەڵام سولەیمانی بەتوانا بوو".

هەروەها گەورە راوێژكاری سەربازی خامنەیی ئاماژەی بە پێداگیری وڵاتەكەی كرد بۆ كاركردن دژی مانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە ناوچەكە و گوتی: "كەمترین تۆڵە لە بەرامبەر رژانی خوێنی سولەیمانی، ئەبو مەهدی موهەندیس و موحسین فەخریزادە و بەرگریكارانی مەزارەكان، دەركردنی هێزەكانی ئەمریكایە لە رۆژئاوای ئاسیا و ئازادكردنی قودس".

مانگی رابردوو محەممەد رەزا نەقدی، جێگری هاوئاهەنگیكاری گشتی سوپای پاسدارانی ئێران ئاشکرایکرد وڵاتەكەی 17 ملیار دۆلاری لە چالاكییە هەرێمییەکان لە ناوچەكەدا خەرجكردووە، كە چالاكی دیپلۆماسی و رۆشنبیری و بەرگری دەگرێتەوە.

لە ئایاری رابردووش حیشمەتوڵڵا فەلاحەت، سەرۆكی پێشووی لێژنەی ئاسایشی نەتەوەیی و سیاسەتی دەرەوە لە پەرلەمانی ئێران گوتی: وڵاتەكەی 20 ـ 30 ملیار دۆلاری لە سووریا خەرجكردووە.

ساڵی رابردووش برایان هۆك، نێردەی پێشووی ئەمریكا بۆ کاروباری ئێران گوتبووی: "ئێران 16 ملیار دۆلاری بۆ میلیشیاكانی لە سووریا و عێراق خەرجكردووە."

بابەتی زیاتر

سەرجەم مافەکانی پارێزراوە KNA . Copyright 2020 - Knanews.net ©