ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە پەڕلەمانی عیراق ئاشكرای دەكات، كە سەرەتای هەفتەی داهاتوو پڕۆژە یاسای بودجە لە پەڕلەمان پەسەند دەكرێت و هاوكات شاندێكی هەرێم-یش دەچێتە بەغدا بۆ ڕێككەوتنی كۆتایی لەسەر پشكی بودجە.

 بەپێی زانیارییەكانی ئاژانسی هەواڵی كوردی(KNA)ئەمڕۆ شاندێكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، كە پێكهاتوون لە ئەندامانی شاندی پێشوو دەچنە بەغدا بۆ دواین ڕێككەوتن سەبارەت بە پڕۆژە یاسای بودجەی 2021 و پشكی هەرێم تێیدا و شێوازی ڕێككەوتن لەسەر ڕادەستكردنی نەوت.


جەمال كۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەڕلەەمانی عیراق بۆ ڕۆژنامەی (الصباح)ی فەرمی ڕایگەیاندووە، لیژنەكەیان بەردەوامە لە گفتوگۆكانی سەبارەت بە پڕۆژە یاسای بودجە و بەرەو كۆتایی دەڕوات و دەستی كردووە بە داڕشتنەوەی كۆتایی بۆ پڕۆژە یاساكە.


ڕاشیگەیاندووە، پێدەچێت لە كۆتایی ئەم هەفتەیە یان سەرەتای هەفتەی داهاتوو بخرێتە بەرنامەی كۆبوونەوەكانەوە بۆ دەنگدان لەسەری.


ئاماژەی بەوەشكرد، گەورەترین بەربەست لە پڕۆژە یاساكە بریتیە لە پشكی بودجەی هەرێم، ئەویش ئەمڕۆ لەگەڵ هاتنی شاندی هەرێم بۆ بەغدا یەكلایی دەكرێتەوە و دەگەینە ڕێكەوتنی نیمچە كۆتایی لەوبارەیەوە.


جەمال كۆچەر وتیشی، “ئەمڕۆ لیژنەكەیان پێشوازی لە شاندێكی ئابووریناسان و پیشەسازییەكان دەكات، هەروەها سبەینێ‌ لەگەڵ پارێزگارەكان كۆدەبنەوە تایبەت بە بودجەی گەشەپێدانی هەرێم و پارێزگاكان و گوێ‌ لە داواكاری و بۆچوونەكانیان دەگرین و بەوەش كۆتایی بە كۆبووونەوەی لیژنەكە لەگەڵ لایەن و شوێنەكان دێت دەربارەی بودجە”.


هەفتەی پێشوو حكومەتی هەرێم لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردبوو، كە شاندێكی حكومی بۆ گفتوگۆ لەگەڵ لایەنەكان دەگاتە بەغدا دەربارەی ڕێككەوتن لەسەر پشكی بودجەی هەرێم.


ئەمە لەكاتێكدایە، كە پێشتر قوباد تاڵەبانی، سەرۆكی شاندی هەریچم بۆ بەغدا ڕایگەیاندبوو، كە “لەگەڵ حكومەتی عیراق ڕێككەوتووین لەسەر بودجەی 2021″، بەڵام لە پەڕلەمانی عیراق لەلایەن بەشێكی پەڕلەمانتارانەوە چەند مەرجێكی دیكە لەسەر هەرێم زیادكراوە.

بابەتی زیاتر

سەرجەم مافەکانی پارێزراوە KNA . Copyright 2020 - Knanews.net ©