نانسی پیلۆسی، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا دەیەوێت رۆژی دووشەممە، ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ترەمپ بباتە بەردەم ئەنجوومەنی پیران بۆئەوەی پرۆسەی دادگاییکردنی دەستپێبکات. 

سەرۆکی زۆرینەی دیموکراتەکان لە ئەنجوومەنی پیران جەخت لەوە دەکاتەوە، دەبێت دادگاییکردنەکە بکرێت و سەرۆکی پێشووی ئەمریکا بە تۆمەتی هاندانی لایەنگرەکانی بۆ هەڵکوتانەسەر کۆنگرێس سزابدرێت. 

چەک شومەر، سەرکردەی دیموکراتەکان لە ئەنجوومەنی پیران باس لەوە دەکات، "ئەنجوومەنی پیران دۆناڵد ترەمپ دادگایی دەکات. دادگایکردنێکی تەواو، گشتگیر و دادپەروەرانە دەبێت، بەڵام بە هەڵەدا نەڕۆن، دادگاییکردنەکە هەر دەکرێت. کاتێک کە دادگاییکردنەکە تەواو بوو، سیناتۆرەکان بڕیاردەدەن کە ئایا دۆناڵد جۆن ترەمپ هانی تووندوتیژی و هەڵگەڕانەوەی دژی ئەمریکای داوە یان نا."

سەرکردەی پارتەکەی ترەمپ لە ئەنجوومەنی پیران داوا دەکات، دەستپێکردنی دادگاییکردنەکە بۆ مانگی داهاتوو دوابخرێت بۆئەوەی سەرۆکی پێشوو و تیمی پارێزەرەکانی بتوانن خۆیان بۆ بەرگریکردن ئامادە بکەن. 

مچ مکۆنێل، سەرکردەی کۆمارییەکان لە ئەنجوومەنی پیران دەڵێت، "سیناتۆرە کۆمارییەکان بڕوای تەواویان هەیە کە دەبێت دادگاییکردنێکی تەواو و دادپەروەرانەمان هەبێت بە جۆرێک کە سەرۆکی پێشوو بتوانێت بەرگری لە خۆی بکات. هەروەها بۆئەوەی ئەنجوومەنی پیران بتوانێت بە دروستی وردبینی بۆ پرسیارە یاسایی و دەستوورییەکان بکات."

بەشێک لە ئەندامە کۆمارییەکانی کۆنگرێس پێیانوایە دادگاییکردنی ترەمپ دەبێتە هۆی دووبەرەکیی زیاتر لە نێو کۆمەڵگەی ئەمریکا، بەو پێیەی کە لە هەڵبژاردنەکانی 2020ـدا، دەنگی زیاتر لە 74 ملیۆن هاووڵاتی بەدەستهێناوە. 

نانسی پیلۆسی ئەوە رەتدەکاتەوە و پێیوایە ئەوەی ترەمپ کردوویەتی، "مایەی لێخۆشبوون نییە". دەڵێت، "ناکرێت بە سەرۆکێک بڵێین لە کۆتا مانگی سەرۆکایەتییەکەت هەرچیەکت دەوێت بیکە، چونکە بەو شێوەیە کارتێکی چوونە زیندان بە خۆڕایی وەردەگرێت! خەڵک دەیەوێت شتی باش بکەین. هەروەها نابێت لە بیری بکەین، لە رۆژی شەشی کانوونی دووەمدا خەڵک لێرە گیانی لەدەستدا کاتێک کە هەندێ کەس هەوڵیاندا هەڵبژاردنەکانمان و دیموکراسییەکەمان پێشێلبکەن و بێڕێزی بە دەستوورەکەمان بکەن."

ترەمپ دەبێتە یەکەمین سەرۆکی ئەمریکا دووجار لە ئەنجوومەنی پیران دادگایی کرابێت و هەروەها دەبێتە یەکەمین سەرۆکیش کە دوای تەواوبوونی سەرۆکایەتیەکەی، دادگاییکرابێت.

لە ئەگەری ساخبوونەوەی تۆمەتەکان بەسەریدا، ترەمپ ناتوانێت جارێکی دیکە خۆی بۆ سەرۆکایەتی یان هیچ پۆستێکی دیکەی فیدراڵی بەربژێر بکاتەوە. 

بابەتی زیاتر

سەرجەم مافەکانی پارێزراوە KNA . Copyright 2020 - Knanews.net ©