هاوڕێ(کتێب باشترین هاوڕێی ئێمەیە.) بەڵام هاوڕێ ی کوێ ی ئێمە؟ بێگومان هاوڕێ ی عەقڵ و ئاگایی ئێمەیە. یەعنی ئەبێ سەرەتا عەقڵ و ئاگایی تۆ، لەڕێگەی بیرکردنەوەی ڕەخنەیی و تەحقیقییەوە، ئامادەبێ و هەبێ، ئینجا کتێب بێت و ببێتە هاوڕێ ی ئەوێ. نەك ئەوەی تۆ عەقڵت نەبێ و کتێب ببێ بە عەقڵی بەدیل. بیرکردنەوەت نەبێ و خوێندنەوە ببێ بە بەدیلی بیرکردنەوە. ئاخر عەقڵ بەدیلی نیەو هەموو بەدیلێکی عەقڵ یەکسانە بە بێعەقڵیی، تەنانەت ئەگەر کتێبیش بێت.
بوون
بە مانا دیکارتییەکە، ئاگامەندی بوونی تۆیەو تۆش ئەبێ لەناو بوونی خۆتدابیت و کتێب و هەر شتێکی تر، ببێتە هاوڕێ ی بوونی تۆ. نەك ئەوەی کتێب یان هەر شتێکی تر، بچێتە جێگای بوونی تۆو نەبوونی خۆتی پێ قووڵکەیتەوە.
شەبیهی عەقڵ
ئەسڵەن لەناو بەدیلەکانی عەقڵدا، کتێب لە هەموویان مەترسیدارترە، چونکە لە هەموویان سیحری ئەوەی زیاترە، کە لێتببێ بە خودی عەقڵ. یەعنی تۆ چەنێك لە بەرامبەر هەر شتێکدا پێویستە بەئاگابیت، لەبەرامبەر کتێبدا دوو ئەوەندەو نابێ پشتێنی لێبکەیتەوە!
درەوشانەوە
ئاگایی شتێكی وەستاو نیە، کە یەکجار بەدەستی بێنیت و تەواو. ئاگایی تۆیت لەناو بەردەوامیی ئاگاییدا. کاتێ تۆ لەوێدایت، ئیتر لەناو درەوشانەوەدایت و کتێب و هەر هاوڕێیەکی تری ئەو سەفەرە، شەوق و ڕووناکیت زیاد ئەکات. بەڵام کاتێ لەوێدانەبیت، ئیتر لەناو تاریکیدایت و هاوڕێ ی ڕێ ی تاریکییش، هەر تاریکتری ئەکات.
کرانەوە
کاتێ کتێب دێتە ناو بیرکردنەوەو بیرکردنەوە دێتە ناو خوێندنەوە، ئیتر مەعریفەو زانین لەدایك ئەبێت، کە کلیلی هەموو کرانەوەکانە. لێرەدا لانیکەم دوو کرانەوەی گرنگ ڕووئەدا. یەکەم کرانەوەیەك بەسەر ئەوەدا کە هەیەو ڕزگاربوون لە دۆگمایی. دووەمیش کرانەوە بەسەر ئەوەدا کە نیەو بەرهەمهێنانی فکرو تێگەیشتنی نوێ.
داخران
بەپێچەوانەوە کاتێ کتێب نایەتە ناو بیرکردنەوەو دێتە جێگای بیرکردنەوە. ئیتر جەهل کەڵەکەئەبێ و جەهلیش داخرانە. لێرەدا لانیکەم دوو داخران ڕووئەدا. داخرانێك لەوەدا کە هەیەو قووڵبوونەوەی زیاتری دۆگمایی و دەمارگیری و ئیرهابی فکر. هەروەها داخران بەڕووی ئەوەدا کە نیەو نەزۆکی و بێبەرهەمی و کاوێژو گواستنەوەی قال و قیل.
پێشانگا
لە نائامادەیی خۆتدا، هەموو شتێکی دەرەوە، وەهم و موزەییەفە. لە ئامادەیی خۆتدا، هەموو ئەوەی دەرەوە ئەبێتە جەوهەری و ڕاستەقینە. پێشانگاو کتێب و سیاسەت و دینداری.. ڕووکەشێکی دەرەکەییە لە غیابی خۆتدا. ئەوە ناوەکییەکەی ناو خۆتە کە کتێب و خوێندنەوەو شتەکان ئەکات بە شتێکی جەوهەریی. تۆ چەنێك جەوهەری خۆت لەناوتا ئامادەبێت، ئەونە جەوهەری شتەکانیش دێنە ناوی. چەنێكیش خاڵی بیت لە جەوهەری خۆت، ئەونە ڕووکەش و بێمانایی شتەکان ڕائەکێشیتە ناو خۆت.
کچەکەی پێشانگاکە
ئەو کچە ژیرەشی، کە بە قسە جدییەکانی سەرنجی هەموومانی ڕاکێشا، شتەکە لەوێوە نەبوو، کە قسەی کتێبمان بۆ بڵێتەوە. ئەوەی لەودا هاتبووە دەنگ و قسەی ئەکرد، ئەو خۆی بوو. بوونی ئەوبوو. ئاگایی و هۆشیاری و ئامادەیی عەقڵی ئەوبوو کە چووبووە ناو کتێبەکان و کتێبەکانیش هاتبوونە ناوێ. قسەی عەقڵبوو بۆیە زیندوبوو، خۆ ئەگەر قسەی نەقڵبووایە، مردووانە بەلاماندا تێئەپەڕی و بەو گەرمییەوە بەرمان نەئەکەوت و ڕەنگە ئەوکات تەنیا جوانییەکەی جێ ی سەرنجبووایە نەك قسەکانی!
زیندویی
نزار قەبانی ئەڵێ (وشەکان ئەمرن کە ئەوترێن). چونکە کە وتران ئیتر ئەبنە کەرەستەی کۆپی و گواستنەوەو بەکاربردن، لەکاتێکا پێشئەوەی بوترێن، لە ئاگاییدا زیندوون، چونکە تاقانەو ناوازەو نوسخە ئەسڵەکەن. ئەو کچە جوانەش لە ئاگایی خۆیەوە ئەدواو شتە ئەسڵەکەی ئەوت، بۆیە قسەکانی وا زیندوبوو.
کچەکەی دهۆك
ئاساییە کە لە کچەکەی سلێمانییەوە چووم بۆ کچەکەی دهۆك، چونکە ئەوان هەردوکیان لەناو بوونی خۆیاندان و بەهەمان ئیرادەوە بەرگری لە بوونی خۆیان ئەکەن. ئەمیان بەرگری لە ئاگایی خۆی ئەکات. ئەویان بەرگری لە کەرامەتی خۆی ئەکات. بوونیش لەناو ئیرادەو ئاگایی و کەرامەتدا، بوونە لەناو مرۆڤبوونداو ئەوان خۆیان وەکو مرۆڤ ناسیوەو ئەوەش ئەو کارەیە کە ئەبێ هەر یەکەمان بیکەین و بوونی مرۆیی و ئاگامەندانەو کەرامەتمەندانەی خۆمان بناسین و بەرگری لێبکەین.
کچە ئاگا
لەسەردەمی بازاڕی گەرمی کچە مۆدێلدا، لەوێدا کە جەستە قسە ئەکاو قسەکەشی بە سورعەتی ساروخ، ئەبێتە پارەو ناوبانگ و دەرگای قاسەکان و دەرگای ڕاگەیاندنەکانی بۆ ئەکاتەوە. ئا لەوێدا کچانێکی گوڵ، ڕۆح و ئاگاییان قسە ئەکاو پێمانئەڵێن، قسەی ڕاستەقینە قسەی ئەوێیە نەك قسەی جەستە. ئا لەوێدا سارا لە دانیمارك و زێڕین نیوزلەندا، خەڵاتی گرنگ بەدەستدێنن و سۆلین و باڵاش، ئەبنە بابەتی گەرمی ڕۆژو بە هەرچواریان یەك پەیام ئەدەن.
پەیامی ئەوەی کە من جەستەنیم من مرۆڤم، جەستە تەنیا کاڵاو کەرەستەی بازاڕە بۆ ئەوانیتر، لەکاتێکا "مرۆڤبوون" وجودەو بوونێکە بۆ خۆت. ئێمەش بۆ ئەوە هەین، کە لەناو بوونی خۆماندابین و جەوهەرو وجودمان قسە بکات نەك دەرەوەو جەستەمان.
خولاسە
خوێندن لەکوێوە بووە بە مەکینەی جەهل، خوێندنەوەش هەر لەوێوە ئەبێت بەوە. زانکۆ لەکوێوە بووە بە شتێکی ڕووکەشیی، پێشانگای کتێبیش هەر لەوێوە ئەبێ بەوە. هەردوکیشیان لە شوێنێکی ترەوە ئەبن بە کانگای مەعریفەو ڕاستەقینەی خۆیان!
تاکیش هەر لە ئاگاییدا ئەکەوێتە ناو بوونە ئەخلاقی و ئازادانەکەی. هەر لە جەهلیشدا دائەبەزێ بۆ ناو بوونە ئاژەڵی و غەریزییەکەی و ئەبێتە کۆیلەی چێژو گورگێکی برسی. کۆمەڵگاش هەر ئەم گورگ و کۆیلانە ئەیکەنە مەیدانی ستەم و فەسادو شوێنی هەبوونی هەموو شتێکی موزەییەف و ڕووکەشیی و شوێنی نەبوونی شتی جەوهەری و ڕاستەقینە.
وتارەکانی تری ئەم نوسەرە
پەیكار عوسمان
گۆڕان و دوو قسە

بابەتی زیاتر

سەرجەم مافەکانی پارێزراوە KNA . Copyright 2020 - Knanews.net ©