زۆر کەس باسی لایەنی یاسایی باج و چۆنیەتی بەکارهێنانەوەی داهاتەکەی و هەروەها ڕەچاوکردنی دادپەروەی لە سەپاندیندا کرد. بەدەر لەوانە، باج گرنگیەکی تریشی هەیەو لە پەیوەندی ڕاستەوخۆدایە لەگەڵ دیموکراسی و خۆشگوزەرانی و بەشداری خەڵک لە دەسەڵاتدا .


لەڕواڵەتدا وا دەردەکەوێت ئێمە زۆر تامەزرۆی سیستەمی دیموکراسی و حوکمڕانی باش و بەشداری خەڵک لە دەسەڵاتدا بین، زۆر جاریش بە توانجەوە بەراوردی حکومەتی هەرێم و وڵاتانی دیموکراسی و خۆشگوزەران دەکەین، بەڵام لە واقیعدا پێچەوانەکەی دەبینین.


دیموکراسیەت و حوکمڕانی باش شتێک نیە ببەخشرێت، بەڵکو ئەبێت تاک قوربانی گەورەیان بۆ بدات. باج یەکێکە لە ڕێکارە باش و کاریگەرەکانی باشترکردنی حوکمڕانی و خزمەتگوزاریەکان. یەکێک لە هۆکارەکانی بە دیموکراسی بوون و خۆشگوزەرانی وڵاتان باجە، بە پێچەوانەشەوە زۆربەی سیستەمە نا باجی و مشەخۆرەکان نا دیموکراسین. باج وادەکات هاوڵاتێ دەنگی دلێر بێت و حکومەتیش حساب بۆ هاوڵاتیانی بکات.


تۆ سەیرکە لە وڵاتە باجدەرەکان ئەگەر حکومەت بیەوێت چەند سەنتێک بخاتە سەر نرخی خزمەتگوزارییەکان، سەرەڕای ئەوەی زیادکردنەکە بە پرۆسە و ئاگادارکردنەوەی پێشوەخت دەکرێت، کەچی زۆر جار نیگەرانیەکانی شەقام حکومەت پەشیمان دەکەنەوە. کەچی لای خۆمان، هەر لەچاو تروکانێکدا نرخی غازیان بەڕێژەی لە سەدا پانزە زیاتر بەرزکردەوە، بەڵام جگە لە دوو سێ پرتەو بۆڵەی سۆشیال میدیا هیچی تری لێ سەوز نەبوو.


ئەوەی گرنگە خەڵک ئەبێ خۆی یەکلایی بکاتەوە لە نێوان هەڵبژاردنی دیموکراسیەت و دانی باج یان ڕەتکردنەوەی دیموکراسیەت بەڵام ڕازیبوون بە هەرچیەک حکومەت پێت ڕەوا ببینێت، کورد ووتەنی چی هاتە سەر سفرە بە بێ دەنگی بیخۆ!

وتارەکانی تری ئەم نوسەرە

بابەتی زیاتر

سەرجەم مافەکانی پارێزراوە KNA . Copyright 2020 - Knanews.net ©