لە شاری ڕۆما، مەیدان و نافورەی تریفی هەیە ساڵانە هەزاران گەشتیار سەرنجکێش دەکات و بووەتە ڕوگەی گەشتیاران بەرەو ئیتالیا و بوژانەوەی ئابوری و گەشتیاری وڵاتەکە، گەشتیاران وەک سروتێکی کلاسیکی پشت دەکەنە پەیکەرەکان و ئاوی نێو حەوزی نافورەکە و پارچەیەکی ئاسنینی یۆرۆ بەشانی چەپیاندا هەڵدەدەنە ئاوەکە، بە ئومێدی ئەوەی جارێکی تر بگەڕێنەوە بۆ سەردانکردنی ئەم نافورەیە.

 

لە میسر دەڵێن هەرکەس لە ئاوی ڕوباری نیل بخواتەوە ، بەدڵنیاییەوە جارێکی تر دەگەڕێتەوە بۆ سەردانکردنی، دیارە ئەمەش ئەفسانەیەکە بۆ کەمەندکێش کردنی گەشتیاران.

وادیارە شاری بەغدا کە ئێمەی هاوڵاتیانی کورد ( نەک سیاسیەکان ) ئەزمونێکی تاڵمان هەیە لەگەڵ حاکم و بڕیار بەدەستانی ئەم کاپیتالە، تەواوی بڕیارەکانی قات و قڕ کردنی ئێمەی هاوڵاتیان لەم شاری ڕەشیدەوە دەرچوەو پەسەند کراوە، بەڵام لە بەغدا گۆڕەپانی (کەهرەمانە و عەلی بابا و چل دزە) کە هەیە ، بۆیە سیاسیەکانی کورد بەگشتی بە ڕوگەیەکی بێ وێنە و ناوازەی دەبینن و هاتوچۆی دەکەن!! سیاسیەکان بە گوتاری دیماگۆجی و پۆپۆلیسیتییان بەغدایان کردوە بە دێوەزمە لە ئێمەی هاوڵاتیانی کوردستان ،بەغدا لەبارێکدا هەم فریاد ڕەسی موچەو ژیانمانە، هەم جادوگەری ماڵوێرانیە!!!

بەڵام بۆ سیاسیەکان ، پلەو پۆست و داهات و دەسەڵات و خۆشگوزەرانیە، بۆیە هەرسیاسیەک ڕۆشتە بەغدا و لە ئاوی دیجلە و نەوتی بەسرەی خواردەوە، ئیتر حەزناکات دەستی لێهەڵگرێت و بگەڕێتەوە زێدە وێرانەکەی، بە هەڕاجکردن خاکی کوردستان و کوردایەتی فرۆشتن بە ئێمەی هاونیشتمانیانی کوردستان درێژە بەحەزی مانەوەیان دەدەن لە خاکی ڕەشیددا، وەک حزب دەڕۆن، وەک پەرلەمانتار دەمێننەوە، وادیارە نافورەی پارە هەیە لە بەغدا بۆیە تەواوی حزب و کەسایەتیەکان سنگە کوتێی ڕۆشتنیانە بۆ بەغدا!!! پوختەکەی ئەوەیە کوردایەتی ماسکی فریودانە و
لە بەغدا نافورەی پارە هەیە .

بابەتی زیاتر

سەرجەم مافەکانی پارێزراوە KNA . Copyright 2020 - Knanews.net ©