لەنێوان فۆرم و شوناس گۆڕین
لەکۆنگرەی ئەمجارەی کۆمەڵی ئیسلامیدا ،ناوەکەیان گۆڕی بۆ کۆمەڵی دادگەری، گەر وابزانرێت گۆڕین و لادانی پاشگری ئیسلامیی لە حزبێکی کۆنسەرڤاتیڤی وەک کۆمەڵ کارێکی ئاسانە ،هەڵەیەکی گەورەیە!!
بە گۆڕینی ئەو ناوە واتە هێنانی شوناسێکی نوێ و گۆڕینی زۆرێک لە پرەنسیپ و میکانیزمەکانی کارکردنی ئەو حزبە، واتە چیتر ئەم حزبە موڵکی تەنها موسڵمانان نیە، بەڵکو مافی ئەندامێتی دەبەخشێتە مەسیحیەک، کاکەیی و یەزیدی و تەواوی پێکهاتەکانی تری خەڵکی کوردستان، واتە دەکرێت ژنێک و کچێکی بێ سەرپۆش و سترێج لە پێ و ڕێکپۆشێک وەک یەک بن،دەبێت کۆمەڵی دادگەری نوێ میکانیزمی نوێ لەمەڕ تێکەڵی و ئاوێتەیی ئەوەی ناونراوە دەعوە و سیاسەت بگرێتە بەر و هەڵنەگرتنی ئەم هەنگاوە پاشەکشێی بەدوادا دێت، کەواتە ئەم حزبە ئەبێ زۆرشتی بگۆڕێت.
بێگومان لە ئایندەیەکی نزیکدا کۆمەڵ ڕوبەڕوی تەنگژەو قەیرانێکی سەخت و دژوار دەبێتەوە، ململانێیەکی سەخت لەنێوان هێزە کۆنسەرڤاتیڤەکان و ڕیفورمخوازان( موحافزکاران ، ئیسلاح تاڵەبان ) سەرهەڵدەدات،دور نیە ببێتە پوازێک بۆلەت بونێکی تری ئەو حزبە،(ئەوەی گوتارە توندەکەی یەکێک لە توندڕەوەکان و باڵی بەهێزی کۆنسەرڤاتیڤەکانی خوێندبێتەوە کە لەپیجەکان بڵاو کرایەوە هەست بەم ڕاستیە دەکات)
بەڵام فاکتی بەڵگەنەویست ئەوەیە، کۆمەڵ بەهۆی سستەمی پەروەردەیی پێگەیاندنی تاکەکانیان و کادیرەکانیان ،هەروەها مێنتالێتی زۆرێک لەسەرکردەکان هەرگیز ناتوانن هەنگاو لەگەڵ گۆڕینی ناویان هەڵگرن و شوناسێکی نوێ و گۆڕانکاری لە میکانیزمی کارکردنی ئەو حزبە بکەن، بەڵکو ئەو کارەیان تەنها گۆڕینی ناوە نەک ناوەڕۆک، فۆرمە نەک جەوهەر، لەم کارەشدا ڕیفورمخوازان لاوازن و ناتوانن داکۆکی لێبکەن و کۆنسەرڤاتیڤەکان سەرسەختانە دژایەتی دەکەن و شکستی پێدەهێنن.
چونکە مێنتالێتی تاکی کوردی موسڵمان سازو ئامادەباش نەکراوە ئەو شوناسە نوێ یە قبوڵ بکات و هەماهەنگی بێت بۆ سەرکەوتن، بێگومان و بەدڵنیاییەوە تاکەکانی تری جڤاتی کوردی بەگشتی هەرگیز بڕوا بەم شوناسە نوێیە ناکەن و وەک ماسکێکی سیاسی دەنگ کۆکردنەوەی هەڵبژاردنەکانی ئایندە مامەڵەی دەکەن و دەنگی پێ نادەن.بەقەناعەتی خۆم ،کۆمەڵ تەنها ناوی گۆڕیوەو هیچی تر.
هەمان مێنتالێتی و هەمان باکراوندی کارکردنە.
دەبوو ساڵانێک لەمەو بەر حزبە ئیسلامیەکان ئەم هەنگاوەیان هەڵگرتایە، ناکرێت کاری سیاسی و حزبایەتی لە توێژێکی کۆمەڵگەدا وابەستە بکرێت و گوزارش تەنها لە خواستەکانی گروپێک بکات، بەڵکو دەبێت خێمە و چەترێک بێت تەواوی مرۆڤەکان بە جیاوازی دین و مەزهەب و ئایدیا و نەتەوەکانیان لەسایە و سێبەریدا کۆبکاتەوە،وەدی هێنەری خواست و ئاواتەکانیان بێت، کاری حزبی وەک ڕێکخراو و سەندیکایەکی پیشەیی نیە تایبەت بێت بە چین و توێژ و پیشەیەک!!!
دەزانم گروپە کۆنسەرڤاتیڤەکانی ناو ئیسلامیەکان بەگشتی لەم میانەدا زۆر حەز دەکەن هەر هەنگاوێکیان هەڵگرت دەبێت بگەڕێنەوە بۆ سەلەفی صالح و تەئصیل کردن، خاتریان بگرن و بڵێن لە ڕێکەوتننامەی حودەیبیە ، کە پێغەمبەر صلی اللە علیە وسلم لەگەڵ سوهەیلی کوڕی عەمر واژۆی کرد، سو هەیل زۆر چەمک و ئیدیۆمی ڕێکەوتنەکەی قبوڵ نەکرد (رسول اللە، بسم اللە الرحمن الرحیم) ئەمانەی گۆڕی. پێغەمبەریش کە لە پێگەی بەهێزیشدا بوو قبوڵی کرد ، چونکە دەیزانی و خوێندنەوە و دوربینی ئایندەیی بەهێز تر بوو . دەرئەنجام سەرکەوتن و فەتحی مەککەی بەدواوە بوو.کەواتە بە ڕیش نیە بەئیشە، دەبێت گرنگی بدرێت بە گۆڕینی میکانیزمەکانی کارکردن و میتۆدی پەروەردەیی کادیران.
سەرکردایەتی نوێی کۆمەڵی دادگەری دەبێت زۆرباش بزانن ئەم بەیداخ هەڵگرتن و ناو گۆڕینە ئاسان نیە، دەبێت شوناس گۆڕینیش بێت، نەیار و چاودێر و دۆستان هەموو زوومی کامێرەکانیان لەسەرتانە، ماوەیەک دەبنە بنێشتە خۆشەی دەمی ڕەوتی مەدخەلی و پاشان خورافەخوازان، هاوکات دوو حزبی ئیسلامیی بەرامبەرتان زومیان لەسەرتانە، ئەگەر سەرکەوتوبن ئێرەییتان پێ دەبەن، ئەگەر ژێرکەوتوبن دەبنە پەندێکی باش و مادەیەکی سیاسی گەرم کردن و هاندانی ڕێکخستنەکانیان.
بێگومان حزبەکانی دەسەڵاتیش قسەی ئەمنی و تۆقاندنی خۆیان دەبێت.